تکایە زارتان ببەستن و دەستی یارمەتی درێژ کەن. سی و سێ ساڵە لەبەرامبەر ستەمی علمانییەکانەوە ئێوەش فتوایەک لەبن باخەڵتانا ئامادەیە بۆ ڕاپێچکردنی مرۆڤایەتی بەرەو دۆزەخ، نەبڕایەوە؟ ئەی کەی کۆتایی پێ دێنن.

تۆ وەکیلی خوا نیت تاوەکو بە بوومەلەرزە غەزەبی خوا ببارێنیت بەسەر خەڵکا. کاتێک کە ناتوانی بفڕیت، تفیش لە ئاسمانی بێگەرد مەکە. تۆ لێرە قسەیەکت نەبوو لەسەر جێندەر و هاوڕەگەزباز و و نێرباز کە زینا بە حەفتا ئاو لەچاویا شۆراوەتەوە، بەڵام نوقڵانەی جوڵانی توڕەیی خوا لێدەدەی بۆ میللەتێکی سوکماک کراوی ئەودیو سنوور.

بەس تەماشای وێنەکان بکە و سەرنجێکیش لە فتوا و نەڕەنەڕەکانت بدە کە وەکو بینا وێرانەکان تۆش بەسەریانا داباریویت.

گومانی تیا نیە هەموو کارەساتە گەورە و بچوکەکانی گەردوون لەژێر کۆنترۆڵی خوادا جوڵە ئەکەن، بۆهەر فەرمانێک حیکمەتێکی خوایی خۆی پەنا داوە، هەر لە ئەنجامدانی پەرستشەکانەوە بیگرە تا جوڵەی کەشکەشانی ئاسمان، ڕووداوە گەردونییەکانیش ئەبێ زانست شیکاری وردیان بۆ بکات.

تکایە بۆهەر ڕووداوێک خۆتان مەکەنە سوڕەی بەر لەشکر و پیتۆڵی فەلەکناس و جیۆلۆجیست، ئەو خەڵکە مەینەتبارە، بە غەزەبی خوایی ئەوەندەی تر بیمار و وێرانتریان مەکەن، ئەگەر لە خوا بترسیبان هەرگیز مناڵێکی سێ مانگەتان بە بێژی و بەرهەمی داوێن پیسی ئەژمار نەدەکرد.

خۆت ناوناوە هەرچی ئازادی!! بەڵام تۆزێ ورد بەرەوە، قورئان پێمان دەفەرموێ ئەگەر بڕیار بێ خوا خەشمی خۆی بڕێژێت، ئەبێ بەسەر بازاڕی دۆلارەکە و بانقەکانا بیڕێژێت کە لێوانلێون لە سووخواردن و ڕیباخۆری، نەک میللەتێکی هەژاری بیمار.

قوڕئان دەفەرموێت ڕیبا سزاکەی لە زینا خراپتر و توندترە، چونکە ڕیباکار ئیعلانی حەربی لەگەڵ خوا و دژایەتییەکی ڕاستەوخۆی کردووە و بەپێی فەرموودەش ڕیباخۆر (٣٦) جار لە زینا تاوانەکەی خراپترە، بەڵام زینا تەسلیمبوونی مرۆڤە بەئارەزواتە قێزەونەکانی نەک دژایەتی خوا، بوومەلەرزە دەکرێ بەدەسەڵاتی ڕەهای خوایی دابنرێت بۆ ئاگادارکردنەوە، هەرچەند ڕەهەندێکی زانستی و جیۆلۆجی و پێکهاتەی چین و تەبەقەکانی زەوی هەیە کە بەهۆی ئاراستەی پێچەوانە و جوڵە ناجێگیر و کەڵەکەبوی غاز و وزە پەنگخواردووەکانەوە ڕوو دەدەن.

ناکرێ تۆمەت بخرێتە سەر دەیان هەزار کیژۆڵە و مناڵ و پاکیزەکان و دابارینی غەزەبی خوا بەسەریانا کە لەژێر داروپەردوی بینای دەیان قاتا گیانیان خەفەکرا و لێیان سەنرایەوە، گریمان غەزەبی خواش بوو کە هەرگیز وانیە، خۆ ئەو دەهەزار کەسە ٦-٧ هەزاریان مناڵن و یەک دوو هەزاریشیان ژن و پیاوی پاک‌داوێنن (کە هەر بڕیاری زینا لەو شوێنە، تۆمەتە چونکە نەتبینیون)؟ ئەی چۆن خوا بەهۆی هەزار کەسەوە نۆهەزاری پاکداوێن لەناو دەبا.

بەداخەوە خاوەنی کۆمپانیای تویتەر دەڵێ بەبێ کارەبا ئینتڕنێت فریای لێقەوماوەکان ئەخەین، عەنتەرەکەی منیش بە برا و خوشکە موسڵمانە لێقەوماوەکەی دەڵێ هەموویان بۆ دۆزەخ. ئەرێ بەڕاست ئەم کەلـلەسەرەی ئێمە عەقڵ و مێشکی تیایە؟!

بەسە وازبێنن لەجیاتی تۆمەت بەخشینەوە نزایەکی خێریان بۆ بنێرن، ئەی ناترسی ئەو کچە چوار ساڵە لە حزووری خوادا بڵێ: خوایە کارەساتەکەی تۆ بەهەرحاڵ، بەڵام ئەم دەجالانە چۆن تۆمەتیان بۆ منێک بەخشیەوە کە لەژێر دار و پەردوەکەشدا هاناو داوا و تکام بۆلای تۆ هێنا و کە هەر نازانم زینا چیە؟ لەخوا ناترسن ئەگەر کوڕێکی سێ مانگە هاتە گۆ و بڵێ خوایە ئەم هەموو عەنتەرە لەکوێ پەروەردە بووبوون کە منیان بەزۆڵ دادەنا؟ لەکاتێکدا دایک و باوکم لە سوجدەدا گیانیان سپارد، بەڕاستی ئێوە هەر گرفت و کێشە بوون بۆ جوانییەکانی ئیسلام، ئای کە بارن بەسەر ئایینی پڕ لە ڕەحمەتەوە، بەڕاستی جەمالی خواتان لە مرۆڤایەتی کردووەتە خێو و خوایەکی ڕقاوی و تۆڵەسێن (نعوذ بالله)، وادەزانن خوا لە کەمین و بۆسە و مەتەرێزدایە بۆ هەپرون‌هەپرون‌کردنی بەندەکانی و چاوەڕێیە لەکاتی سفر و زینادا بیان بینێت و لە ئۆپەراسیۆنێکدا بومەلەرزەیەکیان تێسرەوێنێت، بۆ مەگەر مێژووی دوور و نزیک پڕ نیە لەو مرۆڤە ئارەزووباز و زیناکارانە؟ بۆ مەگەر کابرا بە پێغەمبەری نەوت ئەوەم کردووە و سەروەریش فەرمووی باسی مەکە و بیشارەرەوە.

بۆ وڵاتێکی وەکوو بەڕازیل و ناوچە گەرمەکان ساڵانە دەیان هەزار ژن و پیاوی ڕووت‌وقوتی فول بەبێ هیچ پارچە پەڕۆیەک بە جەستەیانەوە لەو سەردەریایانە مەلە ناکەن؟ ئەی کوا بوومەلەرزە و سونامی بۆ ئەوان، تکایە لەناخەوە هەناسەیەکی خەمبارانە بۆ خوشک و براکانتان لە باکور و ڕۆژاوا هەڵکێشن، خەمێکیان بۆ بنێرن و دڵدانەوەیەکیان ئاراسته‌ بکەن، بیکەن بەخاتری خوا لەبری ناردنی بەندەکان بۆ دۆزەخ دەستیان بگرن و بەدڵسۆزییەوە بەرەو بەهەشت ڕێنوێنیان بکەن، چونکە پێغەمبەرەکەمان پێی خۆش بوو تاقە مرۆڤێک نەچێتە ناوئاگر.

توخوا چۆن دڵتان هات ئەو مناڵە پەپولانە بە مناڵی ناشەرعی وبێژی و باوک و دایکی داوێن‌پیس ناوزەد بکەن. چۆن توانیتان ئەو نێوچاوە بەریئانە تۆمەتبار بکەن. نەدەکرا ئێوەش مۆزێک بنێرن بۆ ئەو مناڵە ڕزگاربووە، دوبارە سەرنج بدە ئایا ئەو مناڵە بەر غەزەبی خوا کەوتووە بەهۆی داوێن‌پیسی کەسێکی ترەوە؟!

وردتر لەخوا و دین بڕوانن (عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ: أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، قَالَ: لَمَّا قَضَى اللَّهُ الخَلْقَ، كَتَبَ عِنْدَهُ فَوْقَ عَرْشِهِ: إِنَّ رَحْمَتِي سَبَقَتْ غَضَبِي) (رواه البخاري (7453)، ومسلم (2751))

خوا ڕەحم بە مردووکان بکات و شیفاش بۆ بریندارەکان بنێرێت و کۆتایی خەمیان بێت و خوا هیدایەتیشیان بدات. ئامین